you can login to your account or register with kal

زمانناسی چییه‌؟

زمانناسی چییه‌؟

 جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی
 
پێشه‌كییه‌كی زۆر كورت بۆ زمانناسی

هه‌موو ئینسانێک، به‌و مه‌رجه‌ كه‌ هه‌لومه‌رجی فیزیكیی له‌شی كه‌مایه‌سیی نه‌هێنێ و گوێی له‌ زمانێكیش بێ كه‌ له‌ ده‌ور و به‌ری قسه‌ی پێ بكرێ، لانی كه‌م، فێری یه‌ک زمان ده‌بێ، به‌ بێ ئه‌وه‌ كه‌ به‌ ئاشكرایی خۆی به‌ فێربوونی ئه‌و زمانه‌وه‌ ماندوو و شه‌كه‌ت بكا. به‌ كورتی، ئێمه‌ زمانی زگماكیمان له‌ خۆوه‌ فێر ده‌بین و پێمان وا نییه‌ كه‌ شتێكی سه‌یرمان كردووه‌. ڕه‌نگ بێ ئه‌مه‌ یه‌كێک له‌و هۆیانه‌ بێ كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵک شاره‌زای ئه‌و بواره‌ زانستییه‌ نین كه‌ له‌ زمان ده‌كۆڵێته‌وه‌. ئه‌م شاره‌زا نه‌بوونه‌ش له‌ زمانناسیی و، بابه‌ته‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بواره‌ دا، هه‌ر تایبه‌ت به‌ كورد نییه‌.

له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا كه‌ خه‌ریكی خوێندنی زمانناسیی بووم، بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ زۆر كه‌نه‌داییش نازانن خوێندكاری زمانناسی چی ده‌خوێنێ. پاشی ئه‌وه‌ كه‌ له‌ وه‌ڵامی ”چی ده‌خوێنی؟” دا، ده‌مگوت ”زمانناسی”، زۆربه‌ی خه‌ڵک یان ده‌یانگوت ”له‌ زمانناسی دا چی ده‌خوێنن؟”، یان ده‌یانگوت، ”كامه‌ زمان فێر ده‌بی؟”، یان ”چه‌ند زمان فێر ده‌بی؟” ده‌توانم بڵێم كه‌ شاره‌زایی زۆربه‌ی خه‌ڵک له‌ زمانناسی، ئێستاش، له‌وه‌ تێناپه‌ڕێ. پێم وا نییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌ش له‌و باره‌وه‌ جیاواز بن.

 باشه‌ به‌راستی زمانناسی، ئه‌گه‌ر بریتی نه‌بێ له‌ فێربوونی زمانێک یان چه‌ند زمانێک، چییه‌؟

 ئه‌م وتاره‌ كورته‌ هه‌وڵدانێكه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌. ناسینی زمانناسی، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و فێرخوازانه‌ی كه‌ بیر له‌ درێژه‌دانی خوێندن له‌ پلـه‌ی زانستگه ‌دا ده‌كه‌نه‌وه‌، یان هه‌ر كه‌سێكی كه‌ حه‌ز بكا خۆ به‌ بابه‌ت و دیارده‌كانی زمانه‌وه‌ خه‌ریک بكا، گرینگه‌. هۆی به‌ گرینگ زانینی ئه‌م خاڵه‌ له‌ به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ناسینی زمانناسی وه‌كوو بوارێكی زانستیی بۆ كورد پێویسته‌. به‌ هه‌بوونی زمانناسی زۆرتر كه‌ خۆ به‌ زمانی كوردییه‌وه‌ خه‌ریک بكه‌ن و به‌ شێوه‌ی زانستیی لێی بكۆڵنه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ هیوای هه‌بوونی ئاسۆیه‌كی ڕووناک، یان ڕووناكتر، بۆ ئه‌م زمانه‌ وێچووتر و له‌ ڕاستیی نزیكتر بێ.

زمانناسی چییه‌؟

زمانناسی بریتییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستییانه‌ی زمان. ئه‌گه‌رچی زانینی زیاتر له‌ زمانێک له‌وانه‌یه‌ یارمه‌تی خوێندكاری زمانناسی یان زمانناسێک بدا كه‌ باشتر له‌ چه‌مک و دیارده‌كانی زمان تێبگا، زمانناس ناچار نییه‌ زمانێكی دیكه‌ فێر بێ. به‌ڵكوو، زمانناس هه‌وڵ ده‌دا كه‌ له‌ زمان، وه‌كوو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی، تێبگا. زمانناسی، بۆ نموونه‌، له‌ وه‌ڵامی ئه‌م چه‌شنه‌ پرسیارانه‌ ده‌گه‌ڕێ: ده‌نگه‌كانی زمان چۆن ساز ده‌بن؟ بۆچی كاتێک قسه‌كه‌رێک ئه‌م ده‌نگانه‌ به‌ دوای یه‌كتر دا ڕیز ده‌كا، یه‌كێكیتر، واته‌ گوێگرێک، ده‌توانێ له‌م ده‌نگانه‌ واتا و مانا چێ بكا؟ هه‌روه‌ها، بۆچی ئه‌م سازكردنه‌ی واتا له‌ ده‌نگ به‌ هه‌موو گوێگرێک ناكرێ؟ زانینی زمانی زگماكیی مانای چییه‌؟ ئایا زمانی هه‌ڵه‌ و زمانی ناهه‌ڵه‌ هه‌ن؟ ئایا زمانێكی به‌ربڵاوی وه‌كوو ئینگلـیسی له‌ زمانێكی سه‌ركوتكراوی وه‌كوو كوردی، یان زمانی گوندێكی دووره‌ده‌ستی ئه‌فریقایی ته‌واوتره‌؟ جیاوازی له‌ نێوان دیاله‌كت (له‌هجه) و زمان دا چییه‌؟ بۆ نموونه‌، ئایا كوردی زمانه‌، یان له‌هجه‌؟ جیاوازی شێوه‌ قسه‌كردنی ژن و پیاو چییه؟ ئه‌م جیاوازییانه‌ چ ته‌ئسیرێكیان له‌ پێگه‌ و پلـه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ژن و پیاو دا هه‌یه‌؟ ئه‌مانه‌ و زۆر پرسیاری تریش بابه‌تی خوێندنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی فێرخوازه‌كانی زمانناسی و زمانناسانن. جیاوازیی و به‌ربڵاویی پرسیارگه‌لێكی یه‌كجار زۆر سه‌باره‌ت به‌ زمان بووه‌ته‌ هۆی ئه‌مه‌ كه‌ زمانناسی به‌ چه‌ندین لک دابه‌ش بكرێ.

لكه‌كانی زمانناسی

زمان به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر لێی ده‌كۆڵدرێته‌وه‌ و موتاڵا ده‌كرێ. هه‌ر به‌و پێیه‌ش، زمانناسی ده‌كرێ به‌ چه‌ند شێوه‌ دابه‌ش بكرێته‌ سه‌ر چه‌ندین لک و پۆ. هه‌ركام له‌و لكانه‌ وه‌ڵامی هه‌ندێک پرسیاری تایبه‌ت ده‌ده‌نه‌وه‌ و له‌ بابه‌تگه‌لێكی تایبه‌ت ده‌كۆڵنه‌وه‌:

1. زمانناسیی تیئۆریک (Theoretical linguistics) (خالیس و بنه‌ره‌تی: زمانه‌كان چۆن كار ده‌كه‌ن؟)
 2. زمانناسیی مێژوویییانه‌ (Historical linguistics) (زمانه‌كان چۆن بوون به‌ ئه‌مه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ن؟)
 3. زمانناسیی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ (Sociolinguistics) (پێوندی زمان له‌ گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵایه‌تی چییه‌؟)
 4. زمانناسیی ده‌روونناسییانه‌ (Psycholinguistics) (زمان له‌ ناو مێشک دا چۆن ساز ده‌بێ و ده‌كه‌وێته‌ كار كردن؟)
 5. زمانناسیی پێكگرتن/ كارپێكه‌رانه‌ (Applied linguistics) (فێربوون و فێركردنی زمان، وه‌رگێڕان، هتد.)
 6. زمانناسیی كامپیوتێریی ( Computational linguistics) (به‌ كۆمپیۆتێره‌كردنی زمانی ئینسان)

جگه‌ له‌ ئه‌مانه‌، هێندێک لكی دیكه‌ش له‌ زمانناسی ده‌بنه‌وه‌. بۆ وێنه‌ هێندێک زمانناس له‌ زمانی ماڵات ده‌كۆڵنه‌وه‌. هێندێكی دیكه‌ خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمانی كه‌مئه‌ندامانی بیستن و گوتنن. هێندێكیش له‌ كه‌ره‌سه‌كانی تری پێوه‌ندیی گرتن، وه‌كوو هێما و ئیشاره‌، ده‌كۆڵنه‌وه‌. هی واش هه‌یه‌ كه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی زمان ده‌كۆڵێته‌وه‌. هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ش كه‌ تا ئێستا ناویان هاتووه‌، له‌ خۆیاندا دابه‌ش ده‌كرێنه‌وه‌ سه‌ر لكی بچووكتر. له‌ درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا، كورته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ركام له‌و به‌شانه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێ.
1. زمانناسیی تیئۆریک (Theoratical Linguistics): ئه‌م به‌شه‌ باوترین به‌شی زمانناسی و به‌شێكی گرینگی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری كۆلێجه‌كانی زمانناسییه‌. ئه‌م لكه‌ی زمانناسیی له‌ زمان وه‌كوو دیارده‌یه‌كی ئینسانیی و كه‌ره‌سه‌یه‌كی پێوه‌ندیگرتن ده‌كۆڵێته‌وه‌. چونكه‌ زمان له‌ چه‌ندین پێكهاته‌، وه‌كوو ده‌نگ، وشه‌، رسته‌، مانا و هتد، چێ بووه‌، ئه‌م لكه‌ی زمانناسیش خۆی به‌ چه‌ندین لكی بچووكتر دابه‌ش كراوه‌. ئه‌م لكه‌ بچووكانه‌ بریتین له‌ فۆنه‌تیک، فۆنۆلۆژیی، مۆرفۆلۆژیی، رسته‌سازیی، واتاسازیی و، پراگماتیک (ته‌ئسیری هه‌لومه‌رج له‌ سه‌ر به‌كارهێنانی زمان).
 
1.1. فۆنه‌تیک (Phonetics): ”فۆن” واته‌ ده‌نگ. فۆنه‌تیک واته‌ زانستی ناسینی ده‌نگ. له‌ زمانناسی دا، فۆنه‌تیک به‌ كۆڵه‌كه‌ی زانسته‌كه‌ و ناسینی زمان ده‌ناسرێ. هۆی گرینگایه‌تی فۆنه‌تیک له‌ ئه‌مه ‌دایه‌ كه‌ زمان له‌ ئه‌ساسدا بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ک ده‌نگ كه‌ به‌ شێوه‌گه‌لێكی تایبه‌ت و، زۆربه‌ی كاتان به‌ پێی یاسایه‌كی رێكوپێک، سیسته‌مێكی پێوه‌ندی گرتنیان چێ كردووه‌. فۆنه‌تیک له‌ چۆنیه‌تی پێكهاتنی ئه‌م ده‌نگانه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌.

بۆ وێنه‌ فۆنه‌تیک له‌ ئه‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ له‌ زمانی كوردی دا چه‌ند ده‌نگ هه‌ن. ئه‌م ده‌نگانه‌ له‌ كوێی ئه‌وک، زار، زمان و لووت دا ساز ده‌بن و چۆن ساز ده‌بن؟ ده‌وری ئه‌ندامه‌كانی له‌ش (زار، زمان، ئه‌وک، لووت، لێو، ددان و هتد) له‌ سازبوونی ئه‌م ده‌نگانه‌ دا چین؟ هه‌روه‌ها، كامانه‌ له‌م ده‌نگانه‌ ده‌نگی سه‌ره‌كین(فۆنیم)، كامانه‌ش ده‌نگی ناسه‌ره‌كین(ئه‌له‌فۆن)؟ ئه‌مانه‌ و زۆر شتی گرینگی دیكه‌ش بابه‌ته‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌شی فۆنه‌تیک دا پێكدێنن.


2.1. فۆنۆلۆژیی (Phonology): له‌ حاڵێكدا كه‌ فۆنه‌تیک خۆ به‌ دیاریكردن و ساغكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی زمانه‌وه‌ خه‌ریک ده‌كا، فۆنۆلۆژیی له‌ چۆنیه‌تی سیسته‌می رێكخستنی ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌كۆلێته‌وه‌. بۆ نموونه‌، فۆنه‌تیک ساغیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ”ژ” ده‌نگێكی سه‌ره‌كی(فۆنیم) له‌ زمانی كوردی دایه‌. ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌نگێكی ”خشۆک”ه‌، له‌ كاتی سازكردنی دا، سه‌ری زمان ده‌چێت بۆ سه‌ر سه‌خته‌مه‌ڵاشوو، پشته‌وه‌ی زمانیش به‌ره‌و نه‌رمه‌مه‌ڵاشوو به‌رز ده‌بێته‌وه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، فۆنۆلۆژیی له‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ ده‌نگی ”ژ” له‌ كوێی وشه‌كاندا دێ. هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌ش دا، وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاوا ده‌داته‌وه‌: بۆچی ده‌نگی ”ژ” له‌م وشانه‌دا هه‌یه‌، وه‌كوو ”كوژران”، ”بكوژ”، یان ”كوژراو”، به‌ڵام له‌ وشه‌یه‌كی دیكه‌دا، وه‌كوو ”كوشتن”، نییه‌ و ده‌بێت به‌ ”ش”؟ ئایا ”ش” ده‌بێت به‌ ”ژ” یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، یان هه‌ردووكیان؟ ئه‌و جێگۆڕكێنه‌ی ”ش” و ”ژ”، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک كه‌ ببێ، ئایا هه‌ر له‌م چه‌ند وشه‌یه‌ دایه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وته‌، یان به‌ پێی یاسایه‌كی تایبه‌ته‌ و له‌ وشه‌ی دیكه‌ش دا روو ده‌دا؟ ئه‌گه‌ر به‌ پێی یاسایه‌كه‌، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ چییه‌ كه‌ ئه‌و یاسایه‌ تێیدا دێته‌ ئاراوه‌؟ ئه‌مانه‌ ئه‌و چه‌شنه‌ پرسیارانه‌ن كه‌ فۆنۆلۆژیی ده‌یانكا و له‌ وه‌ڵامه‌كانیان ده‌گه‌ڕێ. كه‌وابوو، فۆنۆلۆژیی له‌ سیسته‌می رێككه‌وتن و رێكخستنی ده‌نگه‌كانی زمانێكی تایبه‌ت ده‌كۆڵێته‌وه‌.
 
3.1. مۆرفۆلۆژیی (Morphology): مۆرفۆلۆژیی بریتییه‌ له‌ زانستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ وشه‌كانی زمان. ئه‌م به‌شه‌ی زمانناسی له‌ چۆنیه‌تی پێكهاتنی وشه‌كان، ریشه‌ی وشه‌كان، كه‌ره‌سه‌ لكێنه‌ره‌كان یان جیاكه‌ره‌وه‌كان، پێشگر و پاشگرگه‌ل و هتد، ده‌كۆڵێته‌وه‌. له‌ مۆرفۆلۆژیش دا، وه‌كوو هه‌موو بوارێكی زانستی، هێندێک چه‌مكی گرینگ و تایبه‌تی هه‌ن. مۆرفۆلۆژیی له‌م چه‌شنه‌ پرسیارانه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌: وشه‌ چییه‌؟ مۆرف، مۆرفیم و ئه‌له‌مۆرف چین؟ وشه‌ی ”تێكهه‌ڵچوونه‌وه‌”، بۆ نموونه‌، له‌ چه‌ند وشه‌ی بچووكتر، یان له‌ چه‌ند مۆرف و مۆرفیم پێكهاتووه‌؟

ئه‌م وتاره‌ چه‌ند وشه‌ی تێدایه‌، چۆن ده‌زانین و پێوانه‌مان چییه‌؟ به‌ چه‌ند شێوه‌ ئێمه‌ ده‌توانین وشه‌ی نوێ له‌ زمانی كوردیدا داتاشین و دروست بكه‌ین؟ مۆرفۆلۆلۆژیی له‌ وڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیاری له‌م چه‌شنه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌. مۆرفۆلۆژیی به‌ شوێن ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ یاسای ڕێككه‌وتن، پێكه‌وه‌ لكان، تێكه‌ڵاوبوون و تێكبه‌زینی وشه‌كان دیاری بكا. له‌م ڕووه‌وه‌، مۆرفۆلۆژیی وه‌كوو به‌شێكی گرینگی گرامێر (ڕێزمان) چاوی لێده‌كرێ.
4.1. سینته‌كس (Syntax): سینته‌كس له‌ گرامێر (ڕێزمان) و چۆنیه‌تی پێكه‌وه‌ لكانی وشه‌كان بۆ سازدان و چێكردنی ڕسته‌ و شێوه‌ڕسته‌ له‌ زمان دا ده‌كۆڵێته‌وه‌. هیندێک له‌ یاساكانی ڕێزمانیی له‌ هه‌موو زمانه‌كان د ا وه‌كوو یه‌كن. بۆ نموونه‌، له‌ هه‌موو زمانێكدا، ڕسته‌یه‌ک، لانی كه‌م، له‌ یه‌ک بكه‌ر و یه‌ک كردار پێكدێ، وه‌كوو، ”هانا دێ”، ”هانا می‌آ ید،” یان ”.Hauna comes”. له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دا، زۆر یاسای پێكه‌وه‌ لكانی وشه‌كان له‌ زمانێک بۆ زمانێكی دیكه‌ جیاوازه‌. هه‌رچه‌ند كه‌ وشه‌كان مانای سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام وا هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێی ڕیز بوونیان له‌ ڕسته‌دا مانا بگۆڕن. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ ده‌توانین بڵێین، ”خه‌ج خۆی بۆ سیامه‌ند هه‌ڵداشت.” ده‌توانین هه‌ر به‌م وشانه‌، به‌ڵام به‌ گۆڕینی شێوه‌ی ڕیز بوونیان، مانای ڕسته‌كه‌ بگۆڕین، وه‌كوو ”سیامه‌ند خۆی بۆ خه‌ج هه‌ڵداشت.” هه‌روه‌ها، ده‌توانین ئه‌م وشانه‌ به‌ جۆرێكیش ڕیز بكه‌ین كه‌ ڕسته‌كه‌مان هه‌ر مانای نه‌بێ، لانیكه‌م به‌ ئاشكرایی، وه‌كوو ئه‌م رسته‌یه‌: ”هه‌ڵداشت بۆ خۆی خه‌ج سیامه‌ند.” باشه‌ بۆچی ڕسته‌كانی پێشوو، كه‌ هه‌ر له‌م وشانه‌ پێكهاتبوون، مانایان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م ڕسته‌یه‌ی دوایی، هه‌ر به‌و وشانه‌وه‌، مانای نییه‌؟ ئاشكرایه‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌ڵێن چوونكه‌ ئه‌و ڕسته‌یه‌ی دوایی له‌ یاسای ڕێزمانی كوردیی لای داوه‌. ڕاسته‌. به‌ڵام، ئه‌و یاسایانه‌ چین؟ هه‌روه‌ها، هێندێک جار له‌وانه‌یه‌ ڕسته‌یه‌كیش به‌ ته‌واوی یاسای ڕێزمانیی ره‌چاو نه‌كا، كه‌چی بیسه‌رێكی كورد ده‌توانێ له‌ مه‌به‌ستی قسه‌كه‌ره‌كه‌ تێبگا. بۆ نموونه‌، ده‌توانین بڵێین كه‌ هه‌ر چه‌ند ئه‌م ڕسته‌یه‌ ته‌واو رێزمانیی نییه‌، به‌ڵام هه‌موو كوردێكیش تێی ده‌گا: ”ئه‌حمه‌د خوارد نان ماڵی ئێمه‌.” بیسه‌رێكی كورد ده‌زانێ كه‌ مه‌به‌ستی قسه‌كه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ”ئه‌حمه‌د نانی له‌ ماڵی ئێمه‌ خوارد.” باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ هه‌ردوو ڕسته‌ تێبگه‌ین، چۆن ده‌زانین كه‌ كامه‌ ڕسته‌ له‌ باری رێزمانییه‌وه‌ ڕاسته‌ و كامه‌یان هه‌ڵه‌یه‌؟ ڕسته‌ له‌ چه‌ند به‌ش پێكهاتووه‌؟ كام به‌ش ده‌توانێ به‌ كام به‌شه‌وه‌ بنووسێ و له‌ كام هه‌لومه‌رج دا؟ كورتترین ڕسته‌ی زمانی كوردی له‌ چه‌ند وشه‌ پێكدێ؟ درێژترین ڕسته‌ چییه‌؟ ئه‌مانه‌ و سه‌تان پرسیاری دیكه‌ش، سه‌باره‌ت به‌ ڕێزمانی زمان، بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ و لێ وردبوونه‌وه‌ی لكی سینته‌كسی زمانناسین.
 
5.1. سه‌مه‌نتیک (Semantics): سه‌مه‌نتیک (ماناناسی) بریتییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مانا و واتای مۆرفیمه‌كان، وشه‌كان، شێوه‌ڕسته‌كان، ڕسته‌كان و گوتاره‌كان (discourses). ئاشكرایه‌ كه‌ زانینی زمانێک بریتییه‌ له‌ زانینی ده‌نگه‌كان، وشه‌كان و ڕسته‌كانی ئه‌و زمانه‌. به‌ڵام، له‌ ڕاستی دا، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ زانینی ئه‌وانه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ قسه‌كه‌رێک بتوانێ مه‌به‌ستی خۆی، چاک یان خراپ، به‌ هۆی زمانه‌وه‌ ڕابگه‌یێنێ. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شی سه‌مه‌نتیک و ماناناسی گرینگایه‌تی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. له‌م لكه‌ی زمانناسی دا، له‌ بابه‌تگه‌لی وه‌كوو وشه‌ هاوماناكان، وشه‌ دژه‌كان و هتد ده‌كۆڵدرێته‌وه‌. هه‌ر له‌م به‌شه‌ش دایه‌ كه‌ له‌ پێوه‌ندیی وشه‌كان، ڕسته‌كان و گوتاره‌كان له‌ گه‌ڵ مانا، مه‌به‌ست، ئامانج، فكر و بیر، سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیی ده‌كۆڵدرێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت زمانناس یان كۆلێجی موتاڵای زمانناسی ئه‌وتۆ هه‌ن كه‌ له‌ ماناناسی دا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ ورد نابنه‌وه‌ و، له‌ ڕاده‌ی واتای وشه‌ و ڕسته‌دا ده‌وه‌ستن. له‌ باتی ماناناسی، ورد بوونه‌وه‌ له‌ مانای به‌شه‌كانی زمان له‌ ڕاده‌یه‌كی به‌ربڵاوتر دا ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی بواری پراگماتیک یان بواری لێكدانه‌وی گوتار (Discourse Analysis).
 
6.1. پڕاگماتیک (Pragmatics): پڕاگماتیک بریتییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و به‌شانه‌ی واتا و زمان له‌ كاتی كه‌ڵک لێوه‌رگرتن دا كه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی خودی قسه‌كه‌ر، بیسه‌ر و ئه‌و چوارچێوه‌ و كۆنتێكسته‌ش كه‌ قسه‌كه‌ی تێدا كراوه‌ یان بیستراوه‌. به‌ واتایه‌كی تر، پراگماتیک له‌و دیارده‌ و فاكتۆرانه‌ی گوتار (دیسكۆرس) ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ ته‌ئسیریان له‌ سازبوون و سازدانی واتا و مانا دا هه‌یه‌. هێندێک له‌و فاكتۆرانه‌ بریتین له‌، له‌ چ هه‌لومه‌رجێک دا قسه‌یه‌ک كراوه‌، له‌ كوێ، كه‌ی، له‌ لایه‌ن كێوه‌ و بۆ كێ؟ ئامانجی قسه‌كه‌ر چی بووه‌؟ چه‌ند له‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ده‌ربڕدراوه‌ ئاگاداریی نوێیه‌ و، چه‌نده‌ی كۆنه‌؟ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ده‌ربڕدراوه‌ی تازه‌، بیسه‌ر ئاگاداریی پێشووی تا چ ڕاده‌یه‌ک پێویسته‌ و ئه‌و ئاگادارییانه‌ چین؟ ئه‌مانه‌ و زۆر ورده‌بابه‌تی دیكه‌ش خاڵه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی بواری پراگماتیک پێكدێنن.
2. زمانناسیی مێژوویییانه‌ (Historical linguistics): ئه‌م لكه‌ی زمانناسی له‌ مێژوو و پێشینه‌ی زمانه‌كان و پێوه‌ندیی و خزمایه‌تیی نێوانیان ده‌كۆڵێته‌وه‌. له‌ باری كات و زه‌مانه‌وه‌ زمان ده‌كرێ لانی كه‌م به‌ دوو شێوه‌ موتالا بكرێ: سینكرانیک (synchronic) و دایاكرانیک (diachronic). لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی سینكرانیک بریتییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زمان له‌ كاتێكی تایبه‌ت دا و به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ زمان له‌و كاته‌دا كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێ. بۆ نموونه‌، زمانناسیی مۆدێرن، زمان به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌ موتاڵا ده‌كا و لێكیده‌داته‌وه‌. ئه‌مه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی سینكرانیک یان سینكرۆنیكه‌. به‌ڵام، دایاكرانیک واته‌ له‌ درێژایی كات و زه‌مان دا. لێكۆلینه‌وه‌ی دایاكرانیكانه‌ی زمان واته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمان له‌ كات و شوێنی جیاواز دا. ئه‌مه‌ بریتییه‌ له‌ شێوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانناسیی مێژوویی، واته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمان له‌ درێژایی مێژوو دا. هه‌ر به‌م پێیه‌ش، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م بوارده‌ دا له‌ سه‌ر ئه‌سڵ و پرنسیپێكی سه‌ره‌كی دامه‌زراوه‌: زمان ده‌گۆڕدرێ. تێگه‌یشتن له‌ چه‌ند و چۆنیی گۆڕینی زمان له‌ درێژایی مێژوو دا، خزمایه‌تی زمانه‌كان، په‌یدا بوون و گۆڕانی ئه‌لف و بێیه‌كان، وه‌رگرتنی وشه‌ له‌ زمانێكه‌وه‌ له‌ لایه‌ن زمانێكی تره‌وه‌، وه‌ بابه‌تگه‌لی له‌م چه‌شنه‌، بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌كانی بواری زمانناسیی مێژوویییانه‌، یان زمانناسیی پێكگرتنانه‌(Comparative linguistics) پێكدێنن.
3. سۆسیۆزمانناسی (زمانناسیی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌) (Sociolinguistics): سۆسیۆزمانناسی، به‌ كورتی، بریتییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تی پێوه‌ندیی له‌ نێوان به‌كار هێنان و ده‌كاركردنی زمان له‌ گه‌ڵ باقی پێكهاته‌ یان ستراكتۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. به‌ واتایه‌كی تر، سۆسیۆزمانناسی له‌ ئه‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵ و پێكهاته‌كانی چ ته‌ئسیرێكیان له‌ سه‌ر زمان هه‌یه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش، واته‌ زمان چ ته‌ئسیرێكی له‌ سه‌ر پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌. سۆسیۆزمانناسی له‌ ڕاستی دا به‌ شوێن وه‌ڵامی زۆر پرسیاران دا ده‌گه‌ڕێ كه‌ نه‌ک هه‌ر بۆ سۆسیۆزمانناسه‌كان، به‌ڵكوو بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئاساییش سه‌رنجراكێشن. بۆ نموونه‌، هێندێک له‌و پرسیارانه‌ بریتین له‌ ئه‌مانه‌: جیاوازیی له‌ نێوان كوردیی رۆژهه‌ڵاتیی و كوردیی رۆژئاوایی دا چییه‌؟ ئایا ئه‌م دوو شێوه‌ئاخاوتنه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێک جیاوازن كه‌ به‌ دوو زمان بناسرێن، یان دوو دیاله‌كتی یه‌ک زمانن؟ جیاوازیی له‌ نێوان قسه‌كردنی ژن و قسه‌ كردنی پیاو دا چییه‌؟ ئایا قسه‌ كردنی ئه‌م دوو ژێنده‌ره‌ ته‌ئسیریان له‌ سه‌ر به‌رده‌وام بوون یان نه‌بوونی پێگه‌ و پلـه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م دوو ژێنده‌ره‌، به‌م شێوه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ یان بووه‌، هه‌یه‌ یان نا؟ سۆسیۆزمانناسی له‌ پێوه‌ندییه‌كانی زمان و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زمان و خوێنده‌واریی یان نه‌خوێنده‌واریی، زمانه‌ خۆڕسكه‌كان یان زمانه‌ موتوربه‌كان، گۆڕینی زمان، مردن و كوشتنی زمان، پلان دانان بۆ زمان، مافی زمانیی، سه‌ركوتكردنی زمانه‌كان، زمانی زگماک و زمانی زێده‌، یه‌كزمانه‌ یان چه‌ندزمانه‌ بوون و هتد ده‌كۆڵێته‌وه‌. به‌ كورتی، پێوه‌ندیی دیارده‌كان و فاكتۆره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ گه‌ڵ زمان و، ته‌ئسیری دوولایه‌نه‌ی ئه‌م دوو دیارده‌ ئینسانییه‌، بابه‌تی سه‌ره‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بواری سۆسیۆزمانناسی دان.
4. زمانناسیی ده‌روونناسییانه‌ (Psycholinguistics):  ئه‌م به‌شه‌ی زمانناسی له‌ چۆنیه‌تیی فێربوونی زمان له‌ لایه‌ن ئینسانه‌وه‌ و، ده‌وری مێشک و هزر له‌و پرۆسه‌یه‌ دا، ده‌كۆڵێته‌وه‌. بۆ وێنه‌، ئه‌و به‌شه‌ ده‌یه‌وێ ڕوونی بكاته‌وه‌ كه‌ بۆچی ئێمه‌ زمان فێر ده‌بین و چۆن؟ بۆچی ماڵات ناتوانن وه‌كوو ئینسان فێر بن؟ مێشكی ئێمه‌ چ قابیلـیه‌تێكی هه‌یه‌ كه‌ منداڵێكی 4 ساڵانه‌، ته‌نانه‌ت كه‌متریش، بتوانێ ئه‌م هه‌موو یاسا و قانوونانه‌ی زمان فێر بێ؟ ئایا منداڵێک ئه‌م یاسایانه‌ له‌ به‌ر ده‌كا، به‌ هۆی پرۆڤه‌ و ته‌مرینه‌وه‌، یان مێشكی ئێمه‌ وا دروست بووه‌ كه‌ چ بمانه‌وێ و چ نه‌مانه‌وێ، مادام كه‌ له‌ بواری فیزیكییه‌وه‌ ئیرادمان له‌ مێشک دا نه‌بێ، ناچارین كه‌ لانی كه‌م زمانێک هه‌ر فێر بین؟ ئه‌م لكه‌ی زمانناسی زۆر له‌ فێربوونی زمان له‌ لایه‌ن منداڵه‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ و گه‌ره‌كیه‌تی هه‌موو ئه‌و یاسا هزرییانه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ یارمه‌تی منداڵێک ده‌ده‌ن كه‌ زمانه‌كه‌ی فێر بێ. بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ش سایكۆزمانناسه‌كان له‌ قسه‌كردنی منداڵه‌كان له‌ لابراتۆره‌كان دا، له‌ شێوه‌ی قسه‌كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تووشی زه‌ربه‌ی مێشكیی بوون(ئه‌یفه‌یژا)، وه‌ هه‌روه‌ها له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ گرفتی خوێندنه‌وه‌یان هه‌یه‌(دیسلاكسیا) ده‌كۆڵنه‌وه‌.
5. زمانناسیی كارپێكه‌رانه‌(Applied linguistics): ئه‌م لكه‌ی زمانناسی ده‌كرێ زیاتر له‌ مانایه‌كی هه‌بێ. بۆ نموونه‌، له‌ هێندێک له‌ زانكۆكانی زمانناسی دا، زمانناسیی كارپێكه‌رانه‌ بریتییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تیۆریگه‌لی فێربوونی زمانی زێده‌ (وه‌كوو فێربوونی ئینگلـیسی له‌ لایه‌ن كوڕێكه‌وه‌) و دۆزینه‌وه‌ی باشترین رێگاكانی فێركردنی زمانی زێده‌. كه‌چی له‌ هێندێک شوێنی دیكه‌، زمانناسیی پێكگرتن هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی دیكه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ زمانناسیی تیئۆریک، یان زمانناسیی خالیس (فۆنه‌تیک، مۆرفۆلۆژیی و هتد.) ده‌گرێته‌وه‌. له‌وانه‌ بۆ نموونه‌، بریتین له‌ سۆسیۆزمانناسی، فێربوون و فێركردنی زمانی زێده‌، دووزمانه‌بوون و چه‌ند زمانه‌بوون، كامپیوتێر و زمان، لێكدانه‌وه‌ی ده‌ق و گوتار، زمان و ده‌سه‌ڵات، زمان و ئیدیۆلۆژیی، نیشانه‌ ناسی، نه‌خوێنده‌واری و خوێنده‌واری و، هتد.
6. زمانناسیی كامپیوتێری (Computational linguistics) (به‌ كۆمپیۆتێره‌كردنی زمانی ئینسان): ئه‌م لكه‌ی زمانناسی، كه‌ له‌ زۆر زانستگه‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌ سه‌ر به‌ زانكۆی ده‌روونناسیی یان زانكۆی كامپیوتێره‌وه‌ بێ، له‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ چۆن ده‌كرێ به‌ شێوه‌یه‌كی رێكوپێک ئه‌و كارانه‌ی زمان كه‌ به‌ مێشک ده‌كرێن به‌ كۆمپیوتێر بكرێن، بۆ نموونه‌ وه‌رگێڕانه‌وه‌ له‌ زمانێكه‌وه‌ بۆ زمانێكی دیكه‌، لێكدانه‌وه‌ی ده‌ق، تایپ كردنی ئه‌و شته‌ی كه‌ به‌ قسه‌ ده‌گوترێ و له‌ رێگای میكرۆفۆنێكه‌وه‌ ده‌درێ به‌ كۆمپیوتێر. به‌شێكی گرینگ و پڕداهاتی ئه‌م به‌شه‌ی زانست بریتییه‌ له‌ چێكردنی به‌رنامه‌ كۆمپیوتێرییه‌كان بۆ فێربوون و فێركردنی زمانی زێده‌، به‌ تایبه‌ت زمانی ئینگلـیسی. ئاشكرایه‌ كه‌ زۆرێک له‌م كارانه‌ هه‌ر ئێستا به‌ كۆمپیوتێر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ده‌كرێ باشتر بكرێن، به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ به‌رهه‌می كاره‌كانی كۆمپیوتێر له‌و بواره‌دا ده‌قیقتر و خێراتر بێ.

هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ی زمانناسی تژی بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ن، به‌ تایبه‌ت بۆ فێرخوازێكی زمانناسیی كورد. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ده‌ره‌تان بۆ كورد زۆر كه‌م بووه‌ كه‌ خه‌مخۆر یان ئۆگرانی بواری زمانناسی بتوانن، به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی، به‌ زمانی كوردی ڕابگه‌ن، تا ئێستا كاری باش كراوه‌. به‌ڵام، ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ و كاری زۆرمان ماوه‌ كه‌ بیكه‌ین. پرسیار ئێستا ئه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ كام بوار دا ده‌بێ كاری زیاتر بكرێ. راستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆرتر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وق و ئیشتیای فێرخوازانی زمانناسی. بۆ نموونه‌، من خۆم زۆر حه‌ز له‌ بواری لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی گوتار و ده‌ق ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌مه‌شم له‌ به‌ر چاوه‌ كه‌ بۆ نموونه‌ له‌ بواری فۆنه‌تیک یان مۆرفۆلۆژیی زمانی كوردیدا زۆر كاری به‌ نرخ ده‌كردرێ. به‌ گشتی، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی زمانه‌كه‌مان، كه‌ ئێستاش له‌ زۆربه‌ی كوردستاندا هه‌ڕه‌شه‌ی مردنی لێده‌كرێ، دوو به‌ش له‌و به‌شانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كردن، پێویسته‌ كه‌ زیاتر له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ گرینگایه‌تییان پێ بدرێ. ئه‌و دوو به‌شه‌ بریتین له‌ به‌شی زمانناسیی تیئۆریک (فۆنه‌تیک، فۆنۆلۆژیی، مۆرفۆلۆژیی، ڕێزمان، ماناناسی و پراگماتیک) و سۆسیۆزمانناسیی.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ كه‌ ڕێزی خۆم ده‌رده‌بڕم بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خه‌ریكی رابردووی زمانه‌كه‌مانن، چونكه‌ پێم وایه‌ له‌ ڕووی دڵسۆزییه‌وه‌ كاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن، ناچاریشم ئه‌مه‌ بڵێم كه‌ خۆزگه‌ وزه‌ و كاتی خۆیان ته‌رخان كردبا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمانه‌كه‌مان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌. ڕه‌نگ بێ خۆ ماندوو كردن به‌ بابه‌ته‌كانی زیندووی زمانه‌كه‌مان گرینگتر بێ له‌ ئه‌وه‌ كه‌ بزانین كوردی زۆرتر خزمی كامه‌ زمانه‌؟ یان ڕیشه‌ی فڵانه‌ وشه‌ توركییه‌ یان فارسی؟ زمانه‌كه‌مان چ پێوه‌ندیی به‌ ”ئاڵمانی”یه‌وه‌ هه‌بێ و چ پێوه‌ندیی به‌ ”سوواهیلـی”یه‌وه‌ هه‌بێ، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌. با له‌ ئه‌مه‌ بكۆڵینه‌وه‌ كه‌ ئێستا چییه‌، چۆنه‌، یاساكانی چین، باشترین رێگای فێركردنی یان فێربوونی چییه‌؟ با له‌ ئه‌مه‌ بكۆڵینه‌وه‌ كه‌ باشترین رێگای پێوه‌ندیگرتن به‌ كوردی چییه‌ له‌ قسه‌كردنی ئاسایی دا، له‌ وتاردانی سیاسیدا، له‌ گوتاردانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، له‌ ژورنالیسمدا و هتد. كاركردن به‌ زمان و، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چۆنێتی و چه‌ندێتی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ به‌ زمان ده‌یكه‌ین له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان و هه‌موو بواره‌كانی ژیان دایه‌ كه‌ زمانێک زیندوو ڕاده‌گرێ، نه‌ک دۆزینه‌وه‌ی وشه‌گه‌لێكی كۆن و ئاشنا له‌ سه‌ر كوته‌ په‌ڕێكی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاو.

تێبینییه‌كان:
1. سپاس بۆ كاک جه‌عفه‌ری حوسێنپوور (هێدی) كه‌ به‌ نوسخه‌یه‌كی پێشووی ئه‌م وتاره‌ دا چۆوه‌.
2. جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی مامۆستای زمانی ئینگلـیسی، وه‌كوو زمانی دووهه‌م، له‌ زانستگه‌ی كارلتۆنی كه‌نه‌دایه‌.
ئیمه‌یل: jsheyhol@connect.carleton.ca

 

 

In focus articles